سزای سێدارەی عەلی فەهیم یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار جێبەجێ کرا

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٠:٥٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە درێژەی جێبەجێکردنی شەپۆلی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئەمریکا ـ ئیسرائیل و ئێران، سزای سێدارەی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوی عەلی فەهیم بە شێوەی نهێنی و لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناوبراو چوارەمین تۆمەتباری دەستبەسەرکراوی دۆسیەی ناسراو بە هێرش بۆ سەر بنکەی بەسیجی مەحموود کاوە لە شەقامی نامجووە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، حوکمی سێدارەی عەلی فەهیم، گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، بە شێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری جێبەجێ کرا.
 

هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەلی فەهیم دوای پێداچوونەوەی دۆسیەکە و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
 

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، تەنیا سێ مانگ دوای دەستبەسەرکرانیان، پێشێلکارییەکی زەق و بەرچاوی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پێوەرەکانی مافی مرۆڤە. ئەم پەلەپەلکردنە لە دۆسیەیەکدا کە ناڕوون بووە، نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازییانەی سزای مەرگە بۆ پێشبردنی سیاسەتی "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" لە سێبەری ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و بەتایبەت شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران. ئەم چەشنە کارانە کە بە ئامانجی ترساندنی گشتی و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و مافی بەرگریی تۆمەتبار ئەنجام دەدرێن، هێمای زەقی زەوتکردنی سەرەڕۆیانەی مافی ژیان و پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەکانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
 

عەلی فەهیم ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (٨ی ژانویە) هاوڕێ لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەدئەمین بیگلەری خوێندکاری کۆمپیوتەر، شاهید واحدپەرەست کلور، شەهاب زەهدی، ئەبوولفەزل ساڵحی سیاوەشانی، ئەمیرحسێن حاتەمی و یاسر ڕەجایی‌فەر هاوکاتکوشتاری هاووڵاتییانی ناڕازی لە تاران لە بەردەم بنکەی بەسیجی ١٨٥ی مەحموود کاوە لە شەقامی نامجوو دەستبەسەر کران و تەنیا دوای مانگێک لە دەستبەسەرکرانیان لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "محاربه، افساد فی‌الارض، سووتاندنی کەرەستە گشتییەکان و کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی" دادگایی کرا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەلی فەهیم ئێستا سزای سێدارەی چوار تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە جێبەجێ کراوە و سێ تۆمەتباری دیکە کە ئێستا لە ژووری تاکەکەسیدان بە ناوەکانی شەهاب زۆهدی، ئەبوولفەزل ساڵحی سیاوەشانی و یاسر ڕەجایی‌فەر لەژێر مەترسیی جیدیی لەسێدارەداندان.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە