جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

١١ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٠٩:٢٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوەکانیئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا کە بە تۆمەتی "مۆحارەبە" (دژایەتی خودا) لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هەنگاو دوێنێ سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو بەندکراوە هۆشداریی دابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هەروەها، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ هاودۆسیەیەکی دیکەی ئەوان بە ناوی ئارمان مەعریفەتی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، هێشتا لەئارادایە.

ئاژانسی هەواڵی "میزان"، ئۆرگانی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەند کاتژمێر پێش ئێستا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی فەرمی، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردەوە و میدیایی کردەوە.

ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئارمان مەعریفەتی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "مۆحارەبە" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. ئەم سزا قورس و دژە مرۆڤایەتییانە لەژێر توندترین فشاری ناوەندە ئەمنییەکان و لەسەر بنەمای «دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجەدا» بەسەریاندا سەپابوو.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئەم خۆپێشاندەرانەی بە تێکدان و ئاگردانی"مزگەوتی جەعفەری" و "حەوزەی زانستیی ئیمام هادی" لە گەڕەکی نەسڕی (گیشا)ی تاران و تێکدانی موڵکی گشتی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٣٥ تۆمەتبار کردبوو. ناوەندە ئەمنییەکان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێ و شێوێندراوی ئەم سێ هاووڵاتییە لە دەنگوڕەنگی فەرمیی ئێران و ئاژانسی هەواڵی میزان، سیناریۆی تۆمەتی «کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕژێمی ئیسرائیل و دەوڵەتانی دوژمنکار»یان دژ بە ئەشکان مالکی و میهرداد محەممەدی‌نیا داڕشتبووەوە؛ تۆمەتێکی بێبنەما کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە هۆی کوشتنی حکوومەتیی ئەوان.

ئەم دوو خۆپێشاندەرە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیان لە بەندیخانەی قزڵحیسار و ڕەوتی دادگاییکردنیاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخواز و کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بوون. لە ئێستادا بە لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە، نیگەرانییەکان لەسەر گیانی و مەترسیی نزیکی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هاودۆسیەی سێیەمیان، ئارمان مەعریفەتی کە لە بەندیخانەی تاران گەورە (فەشافوویە) بەندکراوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا. ئەم کردەوەیە بە بەڵگەی بەرچاوی "کوشتنی حکوومەتی"، تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و پێشێلکردنی بەرچاوی مافی ژیان دەزانێت. هەنگاو بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنێت کە ئامێری کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە دوای مردنی خامنەیی تووشی خێراییەکی سەرکوتکارانە بووە؛ بۆیە داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و تەواوی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئارمان مەعریفەتی و بەندکراوانی دیکەی سیاسیی مەحکووم بە سزای سێدارە، هەنگاوێکی خێرا، دیپلۆماتیک و سزادەرانە دژ بە بەرپرسانی دادوەریی ئێران بگرنەبەر.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە