دەستبەسەرکرانی سەحەر مەهدی لە سەقز و تۆمەتبارکردنی ناوبراو بە ''سیخوڕی''
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز، ژنێکی گەنجیان بە ناوی سەحەر مەهدی دەستبەسەر کرد و بۆ دەستبەسەرگە حکومەتییەکانیان گواستەوە. نوەندە حکومەتییەکان تۆمەتی سیخوڕییان خستووەتە پاڵ ناوبراو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٦ی ئاڤریلی ٢٠٢٦)، سەحەر مەهدی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیییان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، هێزە حکومەتییەکان بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم هاووڵاتییە و دوای دەستبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەهدی، ناوەندە حکومەتییەکان ئەم ژنە گەنجەیان بە «سیخوڕی» تۆمەتبار کردووە و دەزگای دادوەری سزای دەستبەسەرکردنی دوو مانگەی بۆ دەرکردووە.
ناوەندە حکومەتییەکان تۆمەتی «سیخوڕی» دژی سەحەر مەهدییان بە چالاکییە سیاسییەکانی برای ناوبراو کە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)ە، گرێ داوە و دەستبەسەرکردنی ئەویان لەسەر بنەمای پەیوەندی لەگەڵ براکەی ئەنجام داوە.