ئەحمەد عەلیزادە مامۆستای قوتابخانەکانی ئاودانان بە چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا

٢٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٥٢

هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئەحمەد عەلیزادە لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوو و سزای ٢٧ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنرابوو، دوای تێپەڕینی ٧ مانگ لە ماوەی بەندکرانەکەی بە چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژەکانی ڕابردوو ئەحمەد عەلیزادە لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای تێپەڕکردنی ٧ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی دەڕە شاری پارێزگای ئیلام، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کرا و ٢٠ مانگ لە ماوەی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە بە سنووردارکردنی هاتووچۆی هەزار مەتری لە ماڵەکەی بە سەردەبات.

ئەحمەد عەلیزادە مامۆستای تەمەن ٥١ ساڵ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، دوای بانگکران و سەردانی بۆ لەقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی ئاودانان، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

ئەم مامۆستایە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتەکانی "بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "تێکدانی ڕای گشتی" سزای ٢٧ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنرابوو.

ئەحمەد عەلیزادە، وەکوو سزای تەواوکەر بریتی لە دوو ساڵ وەلانران لەسەر کاری دەوڵەتی، دوو ساڵ دوورخران بۆ شاری فەنووجی سیستان و بەلووچستان و هەروەها یەک ساڵ بێبەش بوونی لە چالاکی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزا درا.

پێشتریش واتە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، ئەحمەد عەلیزاددوای بانگکرانی بۆ دادگای ئاودانان، بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی هەر ئەو ساڵە و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاودانان دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە