ئیلام؛ کیانووش چراغی لە بەندیخانە ئازاد کرا

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٤:٣٠

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی دێلوڕان کە چواردەیەمین مانگ لە ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکرد، لە بەندیخانەی دەڕەشار ئازاد کرا. ناوبراو پێشتر سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٣ی مەی ٢٠٢٥)، کیانووش چراغی هاووڵاتی کورد و تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی دێلوڕان دوای هەڵپەسێردرانی سزاکەی، لە بەندیخانەی دەرەشار،

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کیانووش چراغی پێشتر لە دۆسیەیەکی نوێدا کە بۆی کرابوویەوە، تۆمەتی وەکوو ''پڕوپاگەندە دژی نیزان''، ''بێ ڕێزی بە هێزە ئەمنییەکان'' و ''بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە'' خراوەتە پاڵی کە ئەگەر سزای بۆ دەربچێت ئەوا سزا هەڵپەسێردراوەکەی دیسان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ دوای بانگکرانی بۆ دادگای ئیلام دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکەی  سەرەتا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام و لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی دەڕەشار گواسترایەوە.

ئەو فەرمانبەرە پێشووەی ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دێلوڕان دوو ساڵ پێش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ماوەیەک دواتر بەهۆی بەشێکی دیکە لە دۆسیەکەی، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید ڕەزا سەلاحەددینی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا.

جێگای ئاماژەیە کە کیانووش چراغی، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئینستاگرام لە بەرەبەرەی ئەوەڵین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینیدا، بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

کیانووش چراغی کە پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دێلوڕان بووە، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە