محەممەدئەمین بیگلەری و شاهین واحدپەرەست کلور، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار بە نهێنی لەسێدارە دران

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٠:٥٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەوانە خوێندکارێک بە ناوەکانی محەممەدئەمین بیگلەری و شاهین واحدپەرەست کلور بە نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای شەڕی ئەمدوایییەوە لانی کەم ١٣ بەندکراوی سیاسی لەوانە ٦ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی دوو کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوەکانی محەممەدئەمین بیگلەری، خوێندکاری تەمەن ١٩ ساڵ و شاهین واحدپەرەست کلور، تەمەن ٣٠ ساڵ بە نهێنی و بێ هەبوونی مافی  دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

محەممەدئەمین بیگلەری خوێندکاری بەشی کۆمپیوتەر و شاهین واحدپەرەست لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شەهاب زەهدی، ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی، ئەمیرحوسێن حاتەمی، یاسر ڕەجایی‌فەر و عەلی فەهیم، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ وهاوکات لەگەڵ کوشتاری هاووڵاتییانی ناڕازی لە تاران لە بەرانبەر بنکەی بەسیجی ١٨٥ی نامجوو دەستبەسەر کران و دوای تەنیا مانگێک لە دەستبەسەرکردنیان لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی «محارەبە، فساد فی الارض، سووتاندنی کەرەستە گشتییەکان و کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» دادگایی کران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە سزای لەسێدارەدانی ئەمیرحوسێن حاتەمی، تەمەن ١٩ ساڵ و یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دۆسیەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە بە نهێنی لە هەمان بەندیخانە جێبەجێ کرابوو.

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، تەنیا سێ مانگ دوای دەستبەسەرکردنیان، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی دادگایییکردنی دادپەروەرانە و پێوەرەکانی مافی مرۆڤە. ئەم پەلەپەلکردنە لە دۆسیەیەکدا کە ناڕوون بووە، نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازییانەی سزای مەرگ بۆ بردنەپێشی سیاسەتی «تۆڵەسەندنەوەی سیاسی» لە ژێر سێبەری ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و بەتایبەت شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانە. ئەم جۆرە هەنگاوانە کە بە ئامانجی ترساندنی گشتی و بێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە یاسایییەکان و مافی بەرگریی تۆمەتبار ئەنجام دەدرێن، نموونەی بەرچاوی زەوتکردنی خۆسەرانەی مافی ژیان و پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی بەپەلەی ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە، هۆشداری دەدات لەسەر مەترسیی لەسێدارەدانی ٤ تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە کە ئێستا لە ژووری تاکەکەسیدان. ئەم ڕێکارە نایاسایییە، نموونەی بەرچاوی تاوان دژی مرۆڤایەتی و زەوتکردنی خۆسەرانەی مافی ژیانە.

هەنگاو پێشتر لە زمان حەسەن ئاقاخانی، پارێزەری محەممەدئەمین بیگلەری نووسیبووی کە: "من (حەسەن ئاقاخانی) و خانم سەدری نیا، پارێزەرەکەی دیکەی محەممەدئەمین بیگلەری، وەک پارێزەری دیاریکراو ئامادەییی خۆمان ڕاگەیاندووە و چووینەتە ناو دۆسیەکەوە، بەڵام دوای سەردانی دادگا، سەرۆکی لقی ٩ ڕێگەی بە خوێندنەوەی دۆسیەکە و دەرفەتی بەرگریی پێنەداوین."

ناوبراو هەروەها وتبووی کە پارێزەری زۆرەملی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتبار «دانی ناوە» بە تۆمەتەکانی، بەڵام ناوەڕۆکی ئەم دانپیدانانە ڕوون نییە و ئیقراری ئەم هاووڵاتییە نۆزدە ساڵانەیە کە لە دۆخێکی نالەباری بژێوی و بێپەناهیدا بووە و لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لای داپیرەی گەورە بووە، جێگەی گومانی جددییە و ئەگەری هەیە ئەو دانپێدانانەی لە دۆسیەکەدا هاتووە بنەڕەتەن پێوەندی بە تۆمەتبارەکەوە نەبێت.

شایانی باسە کە باوکی محەممەدئەمین بیگلەری لە کاتێکدا سەرەڕای خراپیی باری تەندروستی لە نێوان تەرمی خۆپیشاندەران لە کەهریزەک بە دوای تەرمی کوڕەکەیدا دەگەڕا، دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە لە ڕێگەی هەندێک لە بەندکراوە ئازادکراوەکانی بەندیخانەی قزڵحیسارەوە، لە دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی ئاگادار بووەتەوە. محەممەدئەمین بیگلەری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان لە دوو شوێندا کاری دەکرد.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە