ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر لەسێدارەدانی ئومێد بێهزاد خوێندکاری کورد و پوریا سەفوەت هاووڵاتیی تورک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٢ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢٢:١٤

هەنگاو؛ دووشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئومێد بێهزاد خوێندکار و هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە و پوریا سەفوەت هاووڵاتیی تورک، کە لە ڕەوتی شەڕی ۴۰ ڕۆژەدا بە تۆمەتی «سێخوڕی بۆ ئیسرائیل (مووساد)» دەستبەسەر کرابوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه جێبەجێ کرا. تەرمی ئەم دوو بەندکراوە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی که بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، سزای لەسێدارەدانی ئومێد بێهزاد و پوریا سەفوەت لە کاتێکدا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۶) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه جێبەجێ کراوە کە سزای لەسێدارەدانی ئومێد بێهزاد ڕۆژی شەممە ۱۰ی گەلاوێژ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرابووەوە.

ئومێد بێهزاد، تەمەن ۲۱ ساڵ، سەڵت، خەڵکی ئورمیە و خوێندکاری زانکۆی ئازادی ئیسلامیی لقی ئورمیە بوو. ناوبراو ڕەشەمەی ۲۷۲۵ چەند ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی ۴۰ ڕۆژە دەستبەسەر کرا. سەرەڕای ئەوەی کە پارێزەری دۆسیەکە توانیبووی لە ڕۆژی شەممە ۱۰ی گەلاوێژدا سزای لەسێدارەدانەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵبووەشێنێتەوە، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵوەشاندنەوەی سزاکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزاکەیان جێبەجێ کردووە. ڕۆژی ڕابردوو (۱۱ی گەلاوێژ) بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوە بۆ دوایین چاوپێکەوتن بانگهێشت کرابوون.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەنیا هۆکاری دەستبەسەرکردن و پاڵدانی تۆمەتی ئەمنی دژی ئەم خوێندکارە ۲۱ ساڵەیە، بەکارهێنانی فلتەرشکێن و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە کاتی پچڕانی سەراسەریی ئینتەرنێتدا، و هەروەها ئەندامێتیی پێشتری ناوبراو لە کەناڵی تێلێگرامیی «ئێران ئینتەرنەشناڵ» بووە. بنەماڵەکەی بە هیوای چارەسەربوونی ئاشتییانەی دۆسیەکە، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە ڕاگەیاندنەکان خۆیان پاراستبوو.

پوریا سەفوەت، هاووڵاتیی تورک، هاوكات لە ڕەوتی شەڕی ۴۰ ڕۆژەدا دەستبەسەر و لەژێر کاریگەریی سیناریۆسازیی ئەمنی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێدا سەبارەت بە ناردنی وێنە بۆ کەناڵی «ئێران ئینتەرنەشناڵ» و مووساد، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسێدارە درا.

ئاژانسی هەواڵی «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەری، وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵی جێبەجێکردنی سزاکە و ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ڕاگەیاندنی شوێنی وردی جێبەجێکردنی سزاکە خۆی پاراستووە.

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، نموونەی بەرچاو و ئاشکرای لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا و کوشتنی دەوڵەتییە. ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم دۆسیەیە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و شاردنەوەی ئەمنی، پێشێلکاریی زەق و ئاشکرای ماددەی ۶ (مافی ژیان) و ماددەی ۱۴ (مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگای ئومێد بێهزاد و لەسێدارەدانی پوریا سەفوەت، داوای پێکهێنانی کۆمیتەی ڕاستیدۆزینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ لەسێدارەدانە نهێنییەکان و پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکان لە ئێراندا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە