سزای لەسێدارەدانی ئەبولفەزل سپاهی و ئەمیرحوسێن سەفەری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەی «گۆڕەپانی عەلیخانی»دا لەپێش خەڵک جێبەجێ کرا
هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سزای لەسێدارەدانی ئەبولفەزل سپاهی بادجانی و ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێنئابادی، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ناسراو بە «گۆڕەپانی عەلیخانی»ی ئەسفەهاندا، بە شێوەی ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵک لە هەمان گۆڕەپان جێبەجێ کرا. هاوکات چارەنووسی عەلیرەزا سپاهی، تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیەیە نادیارە و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٨ی جولای ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی هەر یەکە لە ئەبولفەزل سپاهی بادجانی تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێنئابادی تەمەن ٢٩ ساڵ لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لە گڕەپانی عەلیخانیی ئەسفەهان جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتژمێرە کۆتایییەکانی شەوی ڕابردووەوە بە جێگیربوونی بەربڵاو لە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازییان سەرکوت کردووە و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە کە لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا چەندین کەس بریندار بوون و چەندین کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەبولفەزل سپاهی و ئەمیرحوسێن سەفەری دوای دەستبەسەرکردنیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، کەوتوونەتە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بە مەبەستی سەپاندنی دانپێدانانی زۆرەملێ. ئەم دوو بەندکراوە لە سەرجەم قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کرابوون و سزاکانی دەرچوو تەنیا بەپشتبەستن بە دانپێدانانەکانی ژێر ئەشکەنجە دەرچووبوون.
کەناڵی فەرمیی دەزگای دادوەری بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مەیدانی عەلیخانیدا دەستیان لە پێکدادان، هەڵگرتنی چەکی سارد و بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە هێزە حکوومەتییەکاندا هەبووە؛ بانگەشەیەک کە بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ یان بەڕێوەچوونی دادگایەکی شەفاف هێنراوەتە ئاراوە.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو بەندکراوە، بنەماڵەی عەلیرەزا سپاهی (تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیەیە) کە بۆ دوا چاوپێککەوتن بانگهێشت کرابوون، هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووسی نیە و مەترسیی جددی و دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەسەر ژیانی ناوبراو هەیە.
بەپشتپبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەدانی لانی کەم ٢٢ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە که ئەم دوو حاڵەتە یەکەمین حالەتەکانی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لەپێش خەڵکدا بووە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لانی کەم ١٢ بەندکراو لە دۆسیەی ناسراو بە "گۆڕەپانیعەلیخانی"دا بە سێدارە مەحکووم کراون. بە ئەژمارکردنی ئەو دوو بەندکراوەی کە ئەمڕۆ لەسێدارە دران، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەم دۆسیەیە گەیشتە ٤ کەس و مەترسیی جددی لەسەر ژیانی ٨ بەندکراوی دیکە لە ئارادایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە لە پێش چاوی خەڵک، وەک هۆشداریدانێک سەبارەت بە مەترسیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و جێبەجێکردنی بێدواناوی سزای سێدارەدانی عەلیرەزا سپاهی و ٧ بەندکراوی دیکە، داوای هەڵوێستی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئامێری سێدارە لە ئێراندا دەکات.