جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەمیرحوسێن حاتەمی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
سزای لەسێدارەدانی ئەمیرحوسێن حاتەمی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کە لە دۆسیەی ناسراو بە "ئاگرکەوتنەوەی بنکەی بەسیجی کاوە" بە تۆمەتی "مۆحارەبە" (دژایەتی خودا) سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی ئەمیرحوسێن حاتەمی، تەمەن ١٩ ساڵ، لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە ناوبراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوڕێ لەگەڵ چوار تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیەیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان"، زمانحاڵی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرابوو.
ئەم هاووڵاتییانە تەنیا مانگێک دوای دەستبەسەرکرانیان، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی "مۆحارەبە" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکات کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە شەقامی دەماوەندی تاران، بەشداریی لە ئاگرتێبەردانی بنکەیەکی بەسیجدا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزەرانی دۆسیەکە بە پشتبەستن بە بەڵگە ڤیدیۆییەکان، گێڕانەوەی ناوەندە حکوومییەکانیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هێزە جلمەدەنییەکان بە دانانی تەڵە بۆ خۆپیشاندەران لە ناو باڵەخانەکەدا و قفڵکردنی دەرگاکان، خۆیان ئاگریان کەواندووەتەوە.
ئەمیرحوسێن حاتەمی یەکێک لە حەوت تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە بوو. ناوی تۆمەتبارانی دیکەی ئەم دۆسیەیە کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بریتین لە: محەممەدئەمین بێگلەری، شاهین واحیدپەرەست کلور، ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی، عەلی فەهیم، شەهاب زوهدی و یاسر ڕەجاییفەر.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ئێستادا چوار زیندانی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی محەممەدئەمین بێگلەری، شاهین واحیدپەرەست کلور، ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی و عەلی فەهیم کە پێشتر لەگەڵ ئەمیرحوسێن حاتەمی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە، لەژێر مەترسیی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دان.