ڕاپۆرتێک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی بێهرووز شوجاعی، چالاکی مەدەنی و شاعیری کورد لە تورکیا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
بێهرووز شوجاعی، شاعیر و چالاکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری کۆتۆل و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەریی "سوورئاوا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ، بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. ناوبراو بەهۆی چالاکییە ئەدەبییەکانی و نووسینی شێعر بە زمانی کوردی لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بێهرووز شوجاعی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵانی خەڵکی شاری کۆتۆل و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەریی «سوورئاوا» و باوکی سێ منداڵ، لەلایەن دەزگای دادوەریی تورکیاوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.
بێهرووز شوجاعی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، لە کاتێکدا کە دەیویست لە ڕێگەی سنووری ڕازییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و کارکردن بچێتە شاری قەیسەریە لە تورکیا، لە کاتی چوونە ناو خاکی تورکیاوە لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا (میت) دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی شاری وان لەژێر لێپێچینەوەی تونددابووە.
ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ بێهرووز شوجاعی، نووسینی شیعر بە زمانی کوردی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەم شیعرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاگەیەندراوە.