دەستبەسەرکردنی فەرزین خەدیریپوور و محەممەد وەتمانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لانی کەم دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی فەرزین خەدیریپوور و محەممەد وەتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، فەرزین خەدیریپوور تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد وەتمانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، ئەندازیار و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی گەلاوێژ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەرکراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە. هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.