بۆکان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هێمن مەنیجە و حوسێن یووسفی
هەنگاو؛ سێشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هێمن مەنیجە و حوسێن یووسفی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بۆکان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنیکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی دووشەممە ۲۶ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۷ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێمن مەنیجە، خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزە حکومەتییەکان و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژ (۱۵ی ئاگۆست)، حوسێن یووسفی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی "میراوا"ی سەر بە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.
ئەو دوو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی دەستێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان به مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کورد و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.