سلێمانی؛ دەستبەسەرکرانی دوکتۆر حوسێن ڕابی، مامۆستای فیزیا و خەڵکی سەقز
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
دوکتۆر حوسێن ڕابی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، شیکارکەری سیاسیی و مامۆستای فیزیا لە زانکۆی سلێمانی هەرێمی کوردستان، بە هۆکاری نادیار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە. بە وتەی بنەماڵەی حوسێن ڕابی، هەواڵی دەستبەسەرکرانی ناوبراو پاش ١٤ کاتژمێر پێداچوونەوەی ئەوان بڵاو کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٩ی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢٦ نۆڤەمبری ٢٠٢٥)، حوسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ و خەڵکی سەقز و دانیشتووی شاری سلێمانی لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن ڕابی، ئەوان پاش ١٤ کاتژمێر پێداچوونەوەی بەردەوام لە کۆتاییدا ئاگادار بوونەوە کە حوسێن ڕابی لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی «ئاسایش»ـی سلێمانی دەستبەسەر کراوە.
ئەم مامۆستای زانکۆ کەمێک پێش دەستبەسەرکران لە پێوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بەڕێوەبەری گرووپی فیزیای زانکۆی سلێمانی وتبووی کە سەرقاڵی کارێکی بانکییە.
حوسێن ڕابی کە چەند ساڵ وەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی پێشینەی کاری هەیە، لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتارگەلێک لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگا بەڵاو دەکاتەوە و هەندێک جار وەک شیکارگەری سیاسیی بانگهێشت دەکرێ بۆ کاناڵە میدیاییەکان.
خالید ماوەتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە بێ ئاماژە بە وردەکارییەکان لە وتووێژێک وتوویە کە دەستبەسەرکرانی حوسەین ڕابی بە هۆی سکاڵایەک کە دژی ئەو بە هۆی «تاوانی ئەلەکترۆنی» تۆمار کراوە، جێبەجێ کراوە. بابەتێک کە بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری پێوەندیی نووسینە سیاسییەکانی ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ دەستبەسەرکرانی.
بەم حاڵەشەوە نزیکەکانی حوسێن ڕابی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە ناوبراو بە هۆی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی هەندێک لە حزیبەکان و هەروەها گرووپە ئیسلامییەکان دەستبەسەر کراوە.