بۆکان؛ سۆڵماز حەسەن‌زادە لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٤:٠٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٨ خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سۆڵماز حەسەن‌زادە، ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی براکەی محەممەد حەسەن‌زادە لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سۆڵماز حەسەن‌زادە، خوشکی دادخواز محەممەد حەسەن زادە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سۆڵماز حەسەنزادە لەگەڵ باوکی ئەحمەد حەسەنزادە ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣٠ ژووئەن)، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەن‌زادە لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرابوون.

دایە عەزیمە، دایکی محەممەد حەسەن‌زادە لە لایەن ئەم هێزانەوە درابووە بەر لێدان و دواتر بۆ نەخۆشخانەی دکتۆر قولیپووری شاری بۆکان گواسترابوویەوە.

سۆڵماز حەسەن‌زادە، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، دوای ٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکە کەسی و ١٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو.

ئەم دوو ئەندامی بنەماڵە دادخوازە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) دەستبەسەر کرابوون. هەروەها سۆڵماز حەسەن‌زادە ئێوارەی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەر لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان_سەقزدا دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە