بجنۆرد؛ حەمزە ئەحمەدی تۆراقی، هاووڵاتیی کورد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای ٥ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ١٤٨ قامچی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
حەمزە ئەحمەدی تۆراقی، گەنجی تەمەن ٢٨ ساڵی کورد و خەڵکی بجنۆرد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەستبەسەر کراوە، لە دوو دۆسیەی جیادا لەلایان دادگاکانی شۆڕش و کەیفەریی ئەم شارستانەوە، بە کۆی گشتی سزای ٥ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران ، ١٤٨ لێدانی قامچی و ساڵێک دوورخستنەوە بۆ شاری «زەهەک»ی پارێزگای سیستان و بەلووچستان سزادرا. ناوبراو لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دادگاییدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ٢ی گوڵانی ٢٧٢٦، لقی دووەمی دادگای شۆڕشی بجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر حوسێن ئیبراهیمی، حەمزە ئەحمەدی تۆراقی بە تۆمەتی «بانگەشە دژی نیزام» سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی و ٧٤ لێدانی قامچی سزا دا. دادگاکە هەروەها وەکوو سزای تەواوکەر، بڕیاری ساڵێک نیشتەجێبوونی زۆرەملێ (دوورخستنەوە) لە شاری زەهەکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی دەرکردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ٢٧٢٦، لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی بجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەید موستەفا هاشمی بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپا، حەمزە ئەحمەدی تۆراقی بە تۆمەتی «خۆنواندن بە چەقۆ»: دوو ساڵ بەندکران و ٧٤ لێدانی قامچی، بە تۆمەتی «سەرپێچیکردن لە مەئمووران لە کاتی جێبەجێکرانی ئەرکدا» دوو ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «تێکدانی بیروڕای گشتی و بانگەواز بۆ توندووتیژی لە سۆشیالمیدیا دا» ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی بڕیارەکان ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزای توندتر واتا دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٧٤ لێدانی قامچی لەم دۆسیەیەدا جێبەجێ دەکرێت کە بە هەژمارکردنی دۆسیەی دادگای شۆڕشەوە، بە گشتی ١٤٨ لێدانی قامچی و دوورخستنەوە دەچێتە سەر سزاکەی.
لە کاتێکدا کە لە دەقی فەرمیی بڕیارنامەکەدا دەستەواژەی فریودەرانەی «لە ئێستادا ئازاد بە ناساندنی پارێزەر» تۆمار کراوە، بەڵام لە کردەوەدا دەزگای دادوەری دەرفەتی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆی پێ نەداوە و ناوبراو بەبێ هەبوونی پارێزەر، دەرفەتی ٢٠ ڕۆژەی ناڕەزایەتیی یاسایی لەدەست داوە.
ناوبراو کە دوکانێکی بچوکی خۆراکفرۆشی لە بجنۆرد هەیە، لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٦ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، لە کاتی هێرشی هێزە چەکدارە جلشەخسییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کرا.