بجنۆرد؛ ئەبولفەزل ئەسکەندەریان و سامان ئەسکەندەریان لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
ئەبولفەزل ئەسکەندەریان تەمەن ٢٣ ساڵ و ئامۆزاكەی سامان ئەسکەندەریان تەمەن ١٩ ساڵ، دوو هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە بجنۆرد لەلایەن دادگاکانی شۆڕش و تاوانەکانی ئەم شارەوە هر یەکەیان سزای ٢ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران و لێدانی ٧٤ زەر بەی قامچی و پێبژاردنی ٢٢ ملیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەبولفەزل ئەسکەندەریان و ئامۆزاکەی سامان ئەسکەندەریان سەرەتای پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی بجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر یەزدانعەلی ئیزانلو بە تۆمەتەکانی وەلوو «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژ بەنیزام»، هەر یەکەیان بە ٢ ساڵ و ڕۆژێک بەندکردانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم دوو کەسە هەروەها بە تۆمەتەکانی «تێکدانی ئاژاوە و ئاسایشی گشتی» و «سەرپێچی لە هێزە حکومەتییەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا»، هەر یەکەیان بە ٧٤ زەر بەی قامچی و پێبژاردنی ٢٢ ملیۆن تمەن پارە وەک سزا حوکم دراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، لە ئەنژامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیییان و بەبێ پیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکران. ناوبراوان دوای ٤ ڕۆژ ڕاگرتنیان لە دەستبەسەرگەیەکی نادیاردا و ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بۆ بەندیخانەی بجنۆرد گواستراونەتەوە.
شایانی باسە کە ئەبولفەزل و سامان ئەسکەندەریان دوای مانگێک دەستبەسەرکردن و بێبەشبوونی تەواوەتی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوون.