بجنۆرد؛ سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر فەرهاد باغچەقی و سەعید باغچەقی تەمەن ۱۶ ساڵ لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٨:٢١

هەنگاو؛ یەکشەممە ۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد، لەوانە منداڵێکی تەمەن ۱۶ ساڵ بە ناوەکانی فەرهاد باغچەقی و سەعید باغچەقی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای پێنج ساڵ و چوار مانگ بەندکران و ۷۴ لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەعید باغچەقی، منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵی خەڵکی بجنۆرد، لەلایەن لقی ۱۰۳ی دادگای سزاکانی ئەم شارەوە سزای دوو ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

هەروەها و لە لایەکی دیکەوە، فەرهاد باغچەقی، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد و خەڵکی بجنۆرد، کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هەمان لقەوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان"، "ملنەدان بە هێزەکانی حکوومەت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرک" و "تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکان"، سزای سێ ساڵ بەندکران و ۷۴ قامچیی بەسەردا سەپێندرا. سزاکەی بە شێوەی غیابی دەرچووە.

ئەم هاووڵاتییە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی بەندیخانەی بۆجنۆرددا ڕاگیرا. ناوبراو لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ۵ ملیار تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

فەرهاد باغچقی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە