بۆکان؛ هەتاو ئەکرەمی سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٢ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٢:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی تیکاب و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان کە دانیشتووی شاری بۆکانە، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای دژایەتیکردنی لەگەڵ ئەو بڕیارە دۆسیەکە ئاراستەی دادگای شۆڕشی ئورمیە کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا هەتاو ئەکرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و دانیشتووی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. حوکمی ناوبراو بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان وێڕای دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو حوکمەی کە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانەوە دەرچووە، دۆسەیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ئورمیە کراوە.

هەتاو ئەکرەمی، ئامۆزای مێهران ئەکرەمی لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ و لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی ئینگیجەی سەر بە شاری بۆکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ بە دانانی بارمتەی شەش ملیاری لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە