ئورمیه؛ سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر پێنج هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە بەردەوامیی پرۆسەی دەرکردنی سزای ئەمنی دژ بە هاووڵاتییانی ناڕازی، پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیه بە ناوەکانی کەریم مەسعوودی، بێهزاد سەمەدزادە، فەرشاد سووری، غوڵامڕەزا عەبدوڵڵازادە و سەردار پوورمیرزایی کە لە کاتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه بەندکراون، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لقی سێیەمی دادگای شۆڕشی ورمێ سزای بەندکردنی بۆ سێ هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەرکردووە. بەپێی ئەو سزایە، کەریم مەسعوودی و سەردار پوورمیرزایی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" هەر کامەیان بە ٢ ساڵ بەندکردنی مەحکووم کراون، کە ١٨ مانگ لە سزای بەندکردنی کەریم مەسعوودی و ١٧ مانگ لە سزای بەندکردنی سەردار پوورمیرزایی هەڵپەسێردراوە .
هەروەها غوڵامڕەزا عەبدوڵڵازادە لەلایەن هەمان لقی دادگاوە بە ١ ساڵ بەندکردنی مەحکووم کراوە، کە ئەم حوکمە دوای پێشکەشکردنی داواکاریی ملدان بە بڕیاری دادوەر لەلایەن ناوبراوەوە، بۆ ٩ مانگ کەم کراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بێهزاد سەمەدزادە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیه بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" بە ٢ ساڵ بەندکردن مەحکووم کراوە کە ١٨ مانگ لەم سزایە بۆ ماوەیەک هەڵپەسێردراوە.
فەرشاد سووری، هاووڵاتیی پی دیکەی کورد و خەڵکی وورمیه لەلایەن هەر ئەو لقەی دادگاوە بە یەک ساڵ بەندکردن مەحکووم کراوە. سزای ناوبراویش دوای پێشکەشکردنی داواکاریی ملدان بە بڕیاری دادوەر بۆ ٩ مانگ کەم کراوەتەوە.
ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەری٢٠٢٦) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شاری ئورمیه دەستبەسەر کرابوون و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه (بەندیخانەی دەریا) گواسترابوونەوە.