تیکاب؛ دەستبەسەرکرانی فەرشاد فەرەجی لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی

٣٠ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٥:٠٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شارۆچکەی تیکاب لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکرانەکەی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی تیکاب کە پاش بلۆک کرانی هەژمارە بانکییەکانی بە هۆی حوکمی دەستبەسەرکرانەکەی بۆ بانک ڕۆشتبوو، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە ئاخرەکانی پاییزی ٢٧٢٥ لە لایەن دادگای شۆڕشی تکاب بە سەرۆکایەتی دادوەر «حەزرەتی» بە تۆمەتەکانی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» و «بێ ڕێزی بە خامنەیی» سزای یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.

فەرشاد فەرەجی ٢٩ی گوڵانی ٢٧٢٥ (١٩ی مەی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ ماڵەکەی، بە بێ نیشان دانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی و بە بەکارهێنانی توندووتیژی دەستبەسەر کرابوو. ئەم هێزانە هەروەها دەستیان بە گەڕانی ماڵەکەی و دەست داگرتن بە سەر مۆبایلەکەی ناوبراودا گرتبوو کە هەتا ئێستاش بۆ ناوبراویان نەگەڕاندووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا پاش سێ ڕۆژ لە ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و پاش ئەوەش چەندین جار لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکان بانگ کراوە و لێپرسینەوە لێ کراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە