ئورمیە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی زەهرا پیردێهقان هاووڵاتیی کورد و خەڵکی چاڵدێران
هەنگاو؛ سێشەممە ۲۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ۵۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری چاڵدێران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی یاساییی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ۵۰ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیی تەمەن ۳۲ ساڵی کورد و خەڵکی چاڵدێران لە ئورمیه، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، زەهرا پیردێهقان ڕۆژی پێنجشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۲۵ی ژوئەنی ۲۰۲۶)، لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلێکی نەفەرهەڵگر لە جادەی «سەرو»ی ئورمیە لە هاتوچۆدا بوو، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
سەرەڕای سەردانی بەردەوام و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی پیردێهقان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و دادسەرای ورمێ و چاڵدێران، بەرپرسان لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێکی ڕوون، ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان و دیاریکردنی شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو خۆدەبوێرن.