تاران؛ هۆشداری سەبارەت بە مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شەمسی خوسرەوی، ژنە کوردێکی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢١:٠٦

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

شەمسی خوسرەوی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۴ ساڵی کورد و خەڵکی سەقز، کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بەند کراوە، دوای دادگاییکرانی لە دادگای شۆڕشی تاران لەگەڵ تۆمەتی قورسی وەکوو «ئیفساد فی‌لئەرز» و «سێخوڕی بۆ ئیسرائیل» ڕووبەڕوو بووەتەوە و لە مەترسیی جیددیی دەرکردنی سزای لەسێدارەداندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای شەمسی خوسرەوی لەم دواییانەدا لە لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بەڕێوە چووە. دادوەر سەڵەواتی لە ڕەوتی دانیشتنی دادگادا بەڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندووە کە «هیچ سزایەک جیا لە لەسێدارەدان چاوەڕوانی تۆ ناکات».

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەمسی خوسرەوییان بە تۆمەتە قورسەکانی وەکوو «ئەفساد فی‌ئەلئەرز»، «سێخوڕی بۆ ئیسرائیل» و «هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت» تۆمەتبار کردووە؛ تۆمەتگەلێکی پاڵدراو کە هاوکات لەگەڵ توندتربوونی کەشی ئەمنی دوای دەستپێکردنی «شەڕی ۴۰ ڕۆژە» دۆسیەیان بۆ دروست کراوە و زۆرجار دەبنە بنەمای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.

شەمسی خوسرەوی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۴ی ڕەشەمەی ۲۷۲۵ (۵ی مارسی ۲۰۲۶) لە ڕێگای نێوان کەرەج بۆ تاران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران، بۆ ماوەی دوو مانگ لە بارودۆخی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ»دا و بەبێ دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرابوو.

ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بەند کراوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە