دەستبەسەرکردنی ٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان، شنۆ و مەهاباد
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
لە بەردەوامیی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، لانی کەم چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا، ئەمیر سڵێمانی، ئیسماعیل بادسار و زەکەریا بادسار لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد و بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە بۆکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی گەنجێک بە ناوی زەکەریا بادسار، باوکیان بۆ چەندین کاتژمێر بە بارمتە گرتووە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان بە فرتوفێڵ و لەژێر ناوی «فەرمانبەرانی ئیدارەی گاز» چوونەتە ناو ماڵی بنەماڵەیی بادسار. ئەو هێزانە دوای ئاگاداربوونەوە لە ئامادەنەبوونی زەکەریا بادسار لە ماڵەوە، ئیسماعیل بادساری باوکیان وەک بارمتە دەستبەسەر کردووە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە تا کاتی خۆڕادەستکردنی زەکەریا، باوکی ئازاد ناکرێت.
لە دوای کە پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ زەکەریا بادسار خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان کردووە و دەستبەسەرکراوە. ئیسماعیل بادسار ئازاد کراوە.
لە لایەکی دیکەوە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، مەسعوود ئالانی کۆنەقەڵا، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی گوندی «سینگان» و دانیشتووی شنۆ، لە یەکێک لە کافەکانی ئەم شارەدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بڕیاری دادوەری دەستبەسەرکرا.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خێزانی ناوبراو و دەستیان بەسەر موبایلەکانی هاوسەر و کچەکەیدا گرتووە.
شایانی باسە کە ناوبراو پێشتریش بە هۆی گوتنی سرود و گۆرانیی کوردییەوە چەندین جار بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان بانگ کرابوو و تەنانەت دەستبەسەرکرابوو.
لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنەکانی ڕۆژی شەممەدا، ئەمیر سڵێمانی، تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە ئەنژامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵە تایبەتییەکەی دەستبەسەرکرا.
شایانی باسە کە ناوبراو برای «حوسام سڵێمانی»، لە چالاکانی سیاسی و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی مەسعوود ئالانی، ئەمیر سڵێمانی و زەکەریا بادسار لەبەردەستدا نییە و ئەم کەسانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.