تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٢٤

هەنگاو: شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

تەها ڕەسووڵیان هونەرمەند و چالاکی مەدەنی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سزای حەوت ساڵ و دە مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، تەها ڕەسووڵیان هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی بەڕیوەبەری سزاکانی ئەم شارە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

تەها ڕەسووڵیان پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئوجاقلوو، بە تۆمەتەکانی وەک "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکرات" و "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" بە گشتی سزای ٧ ساڵ و دە مانگی بەسەرا سەپێندرا.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، سێ ساڵ و حەوت مانگی سزاکەی دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەم هونەرمەندە بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە دۆسیەکی دیکەدا لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی" بە سێ مانگ بەندکران و ٤٠ قامچیی سزا درابوو.

تەها ڕەسووڵیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، بەبێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترایەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەممە بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە