بێبەش بوونی دوو زیندانیی کورد لە مرەخەسی

٢٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١١:٣٧
هەنگاو: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سەڵماس بۆ ماوەی ٣ ساڵە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراون.   بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی هەنگاو، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی سابر مامەدی و نەزمین حەیدەر کە لە بەندیخانەی سەڵماس راگیراون، بۆ ماوەی ٣ ساڵە لە مافی مرەخەسی وەرگرتن بێبەش کراون.   ماڵپەڕی ماف نیوز لە راپۆرتێکی خۆیدا رایگەیاندووە سابر مامەدی زیندانیی کوردی خەڵکی سەڵماس لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "دژایەتی خودا" به‌ هۆی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.   ناوبراو تەمەن ٤١ ساڵە و رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سەڵماسەوە دەستبەسەر و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لە زیندان راگیراوە.   مامەدی پێشتریش بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە بەندیخانە راگیرابوو.   لەلایەکی دیکەوە، نەزمین حەیدەری زیندانیی سیاسیی کورد کە بە تۆمەتی "دژایەتی خودا" سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە، بۆ ماوەی ٣ ساڵە لە مافی مرەخەسی وەرگرتن بێ بەش کراوە.   نەزمین حەیدەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی دەستبەسەر کراوە و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لە بەندیخانەی شاری سەڵماس راگیراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە