ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، جولای ٢٠٢۶

١٤ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٩:٥٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ١۴ی گەلاوێژی ٢٧٢۶

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶دا لانی کەم ۱۱ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۱۷ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۲ حاڵەتی ژنکوژی و ۲ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان و هەروەها کوشتنی حکومەتیی دوو ژنی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو ژن لە ماوەی مانگی جولای

لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. یەک ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و یەک ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

١- ستایش محەممەدپوور خەڵکی جەهرۆم، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

٢- ئەعزەم گێرامی خەڵکی یاسووج، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی یاسووج لەسێدارە درا.

 

کوشتنی حکوومەتیی ژنان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دوو ژنی کورد و خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی مریەم ئەسلانی و سومەیە تەوەکۆلی، کە دایک و کچ بوون لە ڕێگای بانە بۆ مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون.

شایەنی باسە کە مەهدی تەوەکۆلی، برای سومەیە و کوڕی مریەم ئەسلانی و لە هونەرمەندانی ناسراوی کورد، هاوکات لەگەڵ خوشکی و دایکی لە ڕێکەوتی ۲۸ی جولای کوژراوە.

 

تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۱۱ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۱۱ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۸.۵٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.

لەو مانگەدا دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۵ ژنی کورد تۆمار کراوە. ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوە بووە؛

تاران: ۱ـ شادی شادمان ۲ـ سپیدە ئەبتەحی ۳ـ شەمسی خوسرەوی (هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەقز)

دێهدەشت: ۴ـ مێهرێگان نامئاوەر

سنە: ۵ـ مۆنا مەلەکی

قوروە: ۶ـ ستایش سەرابی

بەندەرعەباس: ۷ـ فرووزان ئەنساری

فەریمان: ۸ـ حەدیسە مرواریدی

بۆجنوورد: ۹ـ زێنەب ئەیزانلوو منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵی کورد

ئیسفەهان: ۱۰ـ مەهشاد کێشانی

ئورمیە: ۱۱ـ کەژاڵ مبارەکی

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶دا مێهناز چاردۆلی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و سەرجەم ۱۷ ژن سزای ۶۵ ساڵ و ۳ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها سێ ژن سزای لێدانی سەرجەم ۱۳۵ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

لانی کەم ۴ چالاکی ژنی کورد و ۲ چالاکی بەهایی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای سێدارە، لێدانی قامچی و بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

۱ـ ڕاحێلە موعینی خوێندکاری دانیشتووی تاران سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۲ـ نگین کیانی خەڵکی بابۆل سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۳ـ ئازادە سالکی خەڵکی توربەت حەیدەریە سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۴ـ پەرنیان هاشمپوور خەڵکی تاران سزای ۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۵ـ ندا دەدەجانی خەڵکی قوروە سزای ۳ ساڵ بەندکران و لێدانی ۳۱ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

۶ـ میترا بەندی ئەمیرئابادی خەڵکی یەزد سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۷ـ عاتفە نازر دانیشتووی تاران سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۸ـ مێهناز چاردۆلی دانیشتووی تاران سزای سێدارە و ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە.

۹ـ شادی شادمان خەڵکی تاران سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە.

۱۰ـ مێهرێگان نامئاوەر خەڵکی دێهدەشت سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۱ـ ئانیتا پاپیست خەڵکی تاران سزای لێدانی ۷۵ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۲ـ مریەم داوودیان خەڵکی بۆکان سزای ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۳ـ ستایش سەرابی خەڵکی قوروە سزای ۳ ساڵ بەندکران و لێدانی ۳۱ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۴ـ شیدە تەوەکۆلی خەڵکی تاران سزای ۱۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۵ـ فرووزان ئەنساری خەڵکی بەندەرعەباس سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۶ـ حەدیسە مرواریدی خەڵکی فەریمان سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۱۷ـ زێنەب ئەیزانلوو تەمەن ۱۶ ساڵ و خەڵکی بجنۆرد سزای ۶ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

تۆمارکردنی ۱۲ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢۶ لانی کەم ۱۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۷ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان، ۲ ژن لە لایەن باوکیان، ۱ ژن لە لایەن کوڕەکەی، ۱ ژن لە لایەن خوازبێنەکەی و ۱ ژن لە لایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژراوە.

لە سەرجەم ئەو ۱۲ حاڵەتی ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم ۲ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس تۆمار کراوە. هەروەها ۸ ژن بەهۆی کێشەی خێزانی، ۱ ژن بەهۆی داوای مارەیی و ۱ ژن بە هۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای ئورمیە: ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، سنە و قەزوین: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، خوراسانی ڕەزەوی و خووزستان: هەر یەک ۱ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە