دوو لاوی خەڵکی مەریوان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە
٢٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١١:٤٣
هەنگاو: دوو لاوی خەڵکی شارەدێی "نێ" لە مەریوان بە تۆمەتی ئاگردانی ئاڵای ئێران هەرکامەیان سزای ١ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی هەنگاو، زانیار مینوویی و هادی ڕاستی دوو لاوی خەڵکی شارەدێی نێ لەلایەن دادگای شۆرشی مەریوانەوە سزای دوو ساڵ زیندانیان بۆ براوەتەوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوانەوە رایگەیاند کە ئەو سزایە ٣ مانگ پێش بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بڕاوەتەوە و لەئێستادا لە زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان راگیراون و سزاکەیان تێپەڕ دەکەن.
زانیار و هادی لە ناوەڕاستی مانگی بانەمەڕی ئەمسال لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندان کران و دواتر لەلایەن دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی "ئاگردانی ئاڵای ئێران" لەرێوڕەسمی نەورۆزی شارەدێی "نێ"ی مەریوان هەرکامەیان سزای ١ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەو دوو هاوولاتییە کوردە ماوەی ٥ مانگە لە زیندانی مەریوان راگیراون و مرەخەسییان پێ نەدراوە.