دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەپیرانشار
٢٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١١:٥١
هەنگاو: شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و ئەمجارەیان هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ئاژانسی کوردپا ناسنامەکەی جەلال خزری تەمەن ٤٢ ساڵ راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەزبەر دەستبەسەر کراوە.
جەلال خزری خەڵکی گوندی "زێویە"ی پیرانشارە کە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ٢١ هاووڵاتیی کورد لەشارەکانی پیرانشار، بۆکان، مەریوان و ئۆرمیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.