ئەگەڕی بڕینەوەی دەستی زیندانییەکی سیاسیی کورد

٢٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٩:٢٤
  هەنگاو نیووز: بێبەشکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە پێڕاگەییشتنی پزیشکی، ئەگەری بڕینەوەی دەستی هێناوەتە ئاراوە.   بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەحمەد کەماڵ ڕەمەزان، زیندانی سیاسیی کوردی بەندکراو کە ماوەیەک پێش لە زیندانی ڕەجایی شارەوە بۆ زیندانی قەزوین دوورخراوەتەوە، لە مافی پێڕاگەییشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.   ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی 4ی ڕەزبەر، سەرەڕای پێویستی بە پێڕاگەییشتنی پزیشکی و ناردن بۆ نەخۆشخانە، بەشێوەی کتوپڕ و بەبێ ئاگاداریی پێشتر، بۆ زیندانی قەزوین دوور خراوەتەوە.   پێشتر پزیشکانی بێهداری زیندانی ڕەجایی شار ڕایانگەیاندبوو کە ئەحمەد کەماڵ ئەگەر نەشتەرگەریی سەرکەوتووی بۆ نەکرێت، لەدرێژەی ئەو دۆخەدا ناچار بە بڕینەوەی دەستی دەبین.   ئەحمەد کەماڵ ڕەمەزان، کوردی خەڵکی کۆبانێ ـی ڕۆژائای کوردستان لە ساڵی 1387ی هەتاوی لە گوندێکی ماکۆ لە پارێزگای ورمێ بریندار و دواتر دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە گوازرایەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە.   ناوبراو لە دادگایەکی یەکلایەنە و فەرمایشی و بەبێ بوونی پارێزەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپا ئەو حوکمە دواتر بۆ ١٠ ساڵ زیندان کەم کرایەوە..  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە