هاووڵاتییەکی سەقزی پاش دوو مانگ بێسەروشوێنە

٢١ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٤:٠٨
هەنگاو: یەکێک لەچالاکانی مەدەنی شاری سەقز کە سەرەتای خەرەمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، چارەنووسی نادیارە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، یەکێک لەچالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بەناوی "ئاسۆ رەمەزانزادە" کە رێکەوتی ١ی خەرمانان لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاكامێكی نەبووە. ئاسۆ رەمەزانزادە لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییە و پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەرکرانی بۆ ماڵپەڕی هەنگاو روون نەبووەتەوە. یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئاسۆ به‌ هه‌واڵنێری هه‌نگاوی رایگەیاندووە کە بەدواداچوونەکانی ئەو خێزانە کوردە بۆ ئاگاداربوونی لەچارەنووس و شوێنی راگیرانی رۆڵەکەیان بێئاکام ماوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە رایشیگەیاندووە کە وه‌ڵامی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ئەوە بووە: کوڕەکەتانمان رەوانەی ئیتلاعاتی سنە کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار سەردانی ئیتلاعاتی سنەمان کردووە هیچ وه‌ڵامێکیان پێمان نەداوەتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی سێپتامبردا ٢١ هاوڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە