ناروونی چارەنووسی کچە خوێندکارێکی دەستبەسەر کراو

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٠١:١٧
هەنگاو: چارەنووسی کچە خوێندکاری کورد، دوای دەستبەسەر کردنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە،ناڕوونە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤیی هەنگاو، "پەرەستوو حاجیان"، کچی نادر، رۆژی چوارشەمە رێکەوتی 24ی خەرمانان، لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. ماڵپەری "رۆژی کورد" لەوبارەوە ڕایگەیاند، پەرەستوو لەحالێکدا لەلایەن هێزە ئەمنیەکان دەستبەسەر کراوە کە بەهۆی نەخۆشی گورچیلە لە ناو جێگادا بووە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە. جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و هاوکات دەستیان بەسەر کەل و پەلی تایبەتیی پەرەستو وەکوو کامپیۆتێر، فلاش و کتێبەکانیدا گرتووە. سەرەرای بەدواداچونەکانی بنەماڵەی پەرەستوو لە پێوەندی لەگەڵ چارەنوسی کچەکەیان، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسیارەتی دەستبەسەرکرانی ناوبراویان وەئەستۆ نەگرتووە و ئەم بابەتە بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارەی زۆرتر شڵەژاندووە. پەرەستوو حاجیان، جۆزەردانی ساڵی ڕابردوویش بەهۆی چالاکیی سیاسی لە زانکۆی پەیام نووری شاری سنە لە خوێندن بێبەشکرا و لە جۆزەردانی ئەمساڵیش بۆ جاری دوهەم دەستبەسەر کرا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە