ڕاپۆرتێک لەسەر ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەرامبەر بە بێ بەری کردنی جەماڵ محەممەدی لە دۆسیەی دەستدرێژیی و ئازاری سێکسی بۆ سەر خوێندکارانی کچی ئەم زانکۆیە

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢٢:٥٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

ڕاگەیاندنی بێتاوانیی و بێ بەریکردنی  جەماڵ محەممەدی، لە مامۆستایانی گرووپی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان لەلایەن وەزارەتی زانستەکانەوە، لە دۆسیەیەکدا کە ١٧ حاڵەتی ئازار و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر خوێندکارانی کچی ئەم زانکۆیە تێیدا گێڕدراوەتەوە، بەڵگەدار کراوە و تۆمار کراوە و بووە هۆی دەرکردنی لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتی و دەستەی ئینتزامیی زانکۆوە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لەم زانکۆیەدا بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٩ی جولای ٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی قۆناغی ماستەری بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان، بە نیسانەی ناڕەزایەتی بە بڕیاری وەزارەتی زانستەکان سەبارەت بە بێتاوانکردنی جەماڵ محەممەدی کۆبوونەوە. بڕیاری بێتاوانیی تۆمەتبار لە پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن وەزارەتی زانستەکانەوە بە زانکۆی کوردستان ڕاگەیەندرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە هۆی ئۆنلاینبوونی قۆناغی بەکالۆریۆس، لە غیابی خوێندکارانی بەکالۆریۆس، بە ئامادەبوونی زۆربەی خوێندکارانی ماستەر بەڕێوە چوو، خوێندکاران بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک جەختیان لەسەر مافی ناڕەزایەتی، پشتیوانی لە ئازایەتی و گێڕانەوەی خوێندکاران لە ئاشکراکردن و بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە و بێدەنگ نەبوون بەرامبەر بە بڕیاری بێتاوانیی جەماڵ محەممەدی کردەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشم لە بەردەم ڕێکخراوی ناوەندیی زانکۆدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.

خوێندکاران لەم کۆبوونەوەیەدا هەروەها جەختیان کردەوە، لە ئەگەری گەڕانەوەی جەماڵ محەممەدی بۆ ژینگەی ئەکادیمیی زانکۆ و دەستپێکردنەوەی چالاکیی پەروەردەیی ناوبراو، ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەوان هەروەها بە خوێندنەوەی بەیاننامە و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ، عادل سی‌وسێ‌مەردە داوای بەدواداچوونی کاریگەری ناوبراویان لە ئاستی وەزارەتی زانستەکان و ئامادەبوونی مامۆستایان و بەرپرسانی زانکۆ لەم ناڕەزایەتییەدا بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی دامەزراوەیی زانکۆ و پشتیوانیی یاسایی و مەعنەوی لە خوێندکارانی سکاڵاکار و زیانلێکەوتوو کرد.

ئەم دۆسیەیە ساڵی ڕابردوو بە ڕاپۆرتی ١٧ حاڵەتی ئازار و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر خوێندکارانی کچی گرووپی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان لەلایەن جەماڵ محەممەدییەوە لە نووسینگەی ناوبراو تۆمار کرا و لە دۆسیەیەکی سێسەد لاپەڕەییدا، گێڕانەوەکانی ئەم خوێندکارانە بەڵگەدار کرا و بانگەوازی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە بەردەم ڕێکخراوی ناوەندیی زانکۆ و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی بەدوای خۆیدا هێنا. جێگەی ئاماژەیە کە بە بەڵێنی بەدواداچوونی کاریگەری کۆمیتەی ئینزباتی، لە کۆبوونەوە لە بەردەم ڕێکخراوی ناوەندیی زانکۆ ڕێگری کرا.

لەدوای لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆ و گێڕانەوەی ڕیوایەتەکانی خوێندکاران لە کۆمیتەی ئینزباتیدا، بڕیاری دەرکردنی جەماڵ محەممەدی دەرچوو. دەستەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئینتزامییەکانی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستانیش سەرەتا بڕیاری یەک ساڵ هەڵپەساردن و دواتر لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دەرکردنی ناوبراوی دەرکرد.

لەدوای داواکاریی پێداچوونەوە بە دۆسیەکە لەلایەن وەزارەتی زانستەکانەوە، ئەم دۆسیەیە بۆ دەستەیەکی ئینتزامیی دیکە ڕەوانە کرا و جەماڵ محەممەدی لە تۆمەتە پاڵدراوەکان بێتاوان کرا.

ئەنجومەنی پیشەیی ئەم زانکۆیەش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە پشتیوانی لە گێڕانەوە و بەدواداچوونی خوێندکارانی ناڕازی و بێتاوانیی جەماڵ محەممەدی کاردانەوەی نیشان دا، و جەختی کردوەتەوە، «ئەوەی لە پشت ئەم دۆسیەیە تەنیا چەند ڕاپۆرتێکی بەڵگەداری ئیداری نییە بەڵکو ئەزموونە ژیاوەکانی خوێندکارانێکە کە بە تێپەڕاندنی گوشارێکی رۆحی زۆرەوە بڕیاریان داوە گێڕانەوەی خۆیان دەرببڕن.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە