ئورمیە.. سێ بەندکراو لەسێدارە دران + ناسنامە
١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٣:١١
هەنگاو: لەدرێژەی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی هاووڵاتیانی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران، سزای سێدارەی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەرێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "دەروێش مونەزەمی"، "فەرهاد ئەحمەدی" و "شوعەیب حاتەمی" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری ئورمیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند کە ئەو سێ بەندکراوە بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
یەکێک لە نزیکانی "دەروێش مونەزەمی" بەهەواڵنێری "هەنگاو'"ی راگەیاند کە ناوبراو ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەری "هەنگاو" لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە سزای سێدارەی ٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە، سەڵماس و ئیلام بەڕێوە جووە.