گواستنەوەی فەرهاد سەلیمی بەندکراوی مەزهەبی کورد و مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی

فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی شاری سەقز دوای تێپەڕکردنی ١٤ ساڵ لە بەندیخانە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تا

١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢١:٢٧

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکی شاری سەقز دوای تێپەڕکردنی ١٤ ساڵ لە بەندیخانە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحیسار گواستراوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابەستە و ئەیووب کەریمی، سێ کەس لە هاودۆسیەکانی فەرهاد سەلیمی جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە یەکی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و مەحکوومبە سێدارە و خەڵکی سەقز کە چواردەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی تێپەڕدەکات، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواستراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نیگەرانی گواستنەوەی فەرهاد سەلیمی بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسی خێرایی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ناوبراوە. ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی، بەڕوونی لە بەرانبەری پێبەندە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانە. هەنگاو داوای ڕاوەستانی خێرای ئەو کردەوە و پێداچوونەوە لە دۆسیەی ناوبراو لە ڕاستای ستانداردە نێونەتەوەییەکانی دادپەروەری دەکات.

فەرهاد سەلیمی لەگەڵ سێ کەس لە هاودۆسیەکانی بەناوی ئەنوەر خزری، خەسرەوە بیشارەت و کامران شێخە، لە ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٣ (٣٠ دێسەمبەری ٢٠٢٣) لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی هاودۆسیەییان و چوونەسەرەوی ئەگەری لەسێدارەدانی خۆیان مانیان لە خواردن گرتووە.

گواستنەوەی فەرهاد سەلیمی بۆ ژووری تاکەکەسی لە حاڵێکدا بووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبی کورد و خەڵکە مەهاباد و هاودۆسیەیی ئەو چوار بەندکراوە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.

هەروەها پێشتر بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی ئەیووب کەریمی و ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی قاسم ئابەستە، دوو بەندکراوی دیکەی مەزهەبی کورد و خەڵکی مەهاباد و هاودۆسیەیی فەرهاد سەلیمی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرابوو.

فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابەستە، خەسرەوە بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی دۆسیەی کوژرانی "عەبدولڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بو تۆمەتی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ٧ بەندکراوە مەزهەبییە کوردە کۆتایییەکانی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٦ سزاکەیان بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرا.

شایەنی باسە کە ئەو سزا کۆتایییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی ڕاگەیشتن بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندراوە. لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەیی دیکەی بە تۆمەتی "افساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەبابایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا. ئەو بەندکراوانە کە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت لە بەنددا بوون، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانەیە، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە