تاران.. سزای کوێرکردنی زیندانییەکی کورد جێبەجێ کرا

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٢١:٤٤
هەنگاو: ئەمڕۆ لەکاتێکدا سزای کوێرکردنی بەندکراوێکی کورد لە تاران جێبەجێ کرا کە بڕیارە دانیشتنەکانی وەفدی ڕێژیمی ئێران و یەکیەتیی ئەوروپا لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ سبەی دەست پێبکات. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، سزای قەساسی دوو چاووی بەندکراوێکی کورد (کوێرکردن) لە تاران جێبەجێ کراوە. هەواڵدەریی حکومەتیی "ئیسنا" ناسنامەی ئەو بەندکراوە کوردەی "محەممەدرەزا" خەڵکی قوروە سەر بە پارێزگای سنە ڕاگەیاندووە. ئەو بەندکراوە کوردە بەوە تۆمەتبار بوو کە ئاهەکی پرژاندووە بە روخساری خۆشکەزایەکی تەمەن ٤ ساڵی خۆیدا و کوێری کردووە. لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٨ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە و بەندکراویکی كوردیش کوێر کراوە. لەسیدارە دانی ئەو هاووڵاتیانە و جێبەجێکردنی سزای دژە مرۆیی "کوێرکردن"ی ئەو بەندکراوە لەکاتێکدایە کە سبەی چوارشەممە ریکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، دانیشتنەکانی وەفدی ڕێژیمی ئێران و یەکیەتیی ئەورووپا لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ لە برۆکسێلی پێتەختی بێلژیک دەست پێدەکات.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە