لاوێکی خەڵكی سنە لە پاسگایەکی ڕێژیم کوژرا

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٧:٤٩
هەنگاو:  لاوێکی کوردی خەڵکی سنە کە بە مەبەستی دانانی کامێرای چاوەدێری بۆ یەکێک لە ناوەندە نیزامییەکانی شاری سنه سەردانی ئەو ناوەندەی کردبوو، هەر لەوێ بە دەستی مەئموورێکی ئەو ناوەندە نیزامییە گیانی لێ ئەستێندرا. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لاویکی خەڵكی شاری سنە بە ناوی عەزیز یووسفی لەلایەن مەئموورێکی پایەگای ئینتزامیی "سێ‌ رێیانی شاڵمان"ی شاری سنەوە کوژرا. ئەو رووداوە رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر لەو بنکە نیزامییەی هێزە ئینتزامییەکان هاتۆتە ئاراوە. سەرچاوەیەک بۆ هەواڵنێری هەنگاوی ئاشکرا کرد، عەزیز یووسفی لەلایەن مەئموورێکی هێزی ئینتزامی کە خەڵکی باکووری ئێرانە، کوژراوە. هێزە ئینتزامییەکان سەرەڕای کوشتنی ئەو لاوە کوردە، به بنەماڵەکەیانی راگەیاندووە کە کوڕەکیان خۆی کوشتووە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەو لاوە کوردە لەژێر چاوەدێریی توندی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەرێوە چووە. عەزیز یووسفی، دانیشتووی گەڕەکی "حاجیاوا"ی شاری سنەیە و رێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەی لەو گەڕەکە بەڕێوە چووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە