مستەفا سەلیمی بەهۆی مانەوەی زۆر لە به‌ندیخانه‌دا، دوور خراوەتەوە

٢١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٨:١٩
هەنگاو: مستەفا سەلیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە و خەڵكی سەقز، پاش ١٤ ساڵ راگیران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بۆ زیندانی شاری سنە دوور خراوەتەوە و ئەمەش کێشە و نیگەرانیی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی پێكهێناوه‌. ئەو به‌ندكراوه‌ سیاسییە کوردە، کە لە ٥ مانگ پێش ئێستاوە بۆ بەندیخانەی شاری سنە دوور خراوەتەوە، هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ "مانەوەی درێژ ماوە لە زیندان"دا راگەیەندراوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندناییە سیاسییە کوردە بە ماڵپەڕی "هێرانا"ی راگیەنادووە: "مستەفا سەلیمی لەکاتی دوورخستنەوەی بۆ به‌ندیخانه‌ی سنە، ئیزنی بردنی شتومەکەکانی لەگەڵ خۆی پێ نەدراوە و ئەمەش یەکەمین کێشە بووە کە پاش گەیشتن بە زیندانی سنە بۆی هاتۆتە پێش". هەروەها، بنەماڵەی مستەفا سەلیمی کە لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی تیلەکۆی سەقز نیشتەجین، پێشتر بەهۆی دەستکورتییەوە کەمتر سەردانی ناوبراویان دەکرد کە دوور خستنەوەی ئەو زیندناییە سیاسییە، کێشەی بۆ بنەماڵەکەشی چەند قات کردۆتەوە و ئەمەش کوڕی ئەو زیندانییە سیاسییەی تووشی خەمۆکی کردووە. دەگوترێ، مستەفا سەلیمی بەهۆی گوشارەکانی بەرپرسێكی حیفازەت ئیتلاعاتی بەندیخانەی شاری سنەوە بە ناوی "رەستگار" گوازراوەتەوە بۆ زیندانی سنە، بەڵام بەپێی یاسا مانەوەی ناوبراو لە زیندانی شاری سەقز هیچ گرفت و کێشەیەکی نەبووە. حوکمی لەسێدارە درانی ئەو به‌ندكراوه‌ سیاسییە کوردە هەنووکە لەژێر دەستی "ئایەتوڵڵا حەساری" جێگری دەزگای دادوەریدایە. مستەفا سەلیمی هەتا ئێستا چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نادادپه‌روه‌رانه‌ بوونی حوکمەکەی، مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی ''ئیلۆ''ی ناوچەی تیلەکۆی سەقز، ساڵی ١٣٨٢ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران لە شاری نەهاوەندی پارێزگای لوڕستان دەستبەسەر کرا. ئەو به‌ندكراوه‌ کوردە لە دادگای سەقز و بە سەرۆکایەتیی قازی "گوودینی" بە تۆمەتی ''هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی'' لە رێگەی ''موحاربە''وە حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە