ئیتلاعات بۆ چەندەمین جار رێگری لە ئازادیی محەممەد نەزەری دەکات

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٦:٥٥
هەنگاو: محەممەد  نەزەری بە مەبەستی ئازادی و راگوێزران بۆ زیندانی زێدی خۆی نامەیەکی بۆ دادستانی پارێزگا(ئوستان)ی ئەلبورز نووسیوە، بەڵام بەهۆی گوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بێ ئاكام ماوەتەوە. محەممەد نەزەری کە بە یەکێک لە بەپێشینەترین زیندایانی سیاسی لە کوردستان و ئێران دادەندرێت، پێشتریش بە رۆژی کوردی راگەیاندبوو: لە کاتئکدا پێیان راگەیاندم کە عەلی جەلیلی “ئوستاندار”ی پاریزگەی ئورمیە دژایەتی لەگەڵ ڕاگوێزرانی من بۆ ئورمیە دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەک ڕق و کینەی لە من و حیزبی دێموکرات هەیە، تەنانەت دوای ٢٣ ساڵ ئامادە نییە بچووکترین داخوازیی من قەبووڵ بکات. ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە نامەیەکدا کە بۆ دەرەوەی زیندانی ناردووە، رەخنەی توندی لە دەزگای دادوەریی ڕێژمی ئێران گرتووەو بە بێ دەسەڵات و گوێ لەمستی وەزارەتی ئیتلاعات لە قەڵمیان دەدات. محەممەد نەزەری لە نامەیەکدا کە بۆ دەرەوەی زیندانی ناردووە، نووسیویەتی: "هەنووکە پاش ٢٣ ساڵ بوغز و کینەی وەزارەتی ئیتلاعات تەواو نەبووە کە بە ناردنی نامە بۆ دەزگای دادوەری، رێگری لە ئازادی یان راگوێزرانی من بۆ زیندانی شارەکەی خۆم دەکات. جێگەی داخە کە دەزگای دادوەری بۆتە مەئمووری گوێ بەفەرمانی ئۆرگان و دەزگاکانی دیکە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ئەمەش بەڵگەی شەرمەزاریی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئێرانه، کە سەرجەم پێوەرەکانی دادوەرییان ژێر پێ خستووەو لەگەڵ ئەوەیکە دەبوایە بەپێی یاسا نووسراوەکانی خۆیان ئازاد بکرایەم، بەڵام بۆ دڵخۆش کردنی کەسانێک، خۆیان لە ئیجرای عەداڵەت دەبوێرن". 537434-56825c5261146fecae91bf6238813194 محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا زیندانی رەجایی شاری کەرەج. ئەو چالاکە سیاسیە کوردەی خەڵکی سایین قەڵا کە لە تەمەنی ٢٢ ساڵی‌دا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و لە دادگایەکی ٢٠ خولەکیدا حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوە و ساڵی ٧٨ حوکمەکەی بە زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا. محەممەد نەزەری، هەنووکە لە ساڵۆنی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ٢٣هەمین ساڵی به‌ند بوونەکەی تێپەڕ دەکات.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە