هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە كه‌وته‌ بەر لێدان و دەستبەسەرکرا

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٨:٢٧
هەنگاو: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، هێرشیان بردە سەر شوێنی کاری هاووڵاتییەکی کورد و دەستبەسەریان کرد. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ڕیکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و دوو کەس لە هێزەکانی بەسیج هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری هاووڵاتییەکی کورد و دایانە بەر ڵێدان. ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە کوردە کە ناسنامەی "سەی تەها ڕەشیدی" بووە لەکاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژانە بووە هێرش کراوەتە سەری و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان کە هۆکارەکەی تاکوو ئێستا ڕوون نەبووەتە بەبێ هەبوونی مۆڵەتی ناوەندی دادوه‌ری و بەشێوەی سەربەخۆ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ساڵانە بە دەیان و سەدان هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر و بۆ چەندین مانگ بێسەروشوێن دەکات و دواتریش دەزگای دادوه‌ری بە تۆمەتگەلێکی بێ بنەما حوکمی زیندان و لەسێدارەدان و ...، بەسەریاندا دەسەپێنێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە