ئورمیە.. پێنج بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران، یەکێکیان ئەندازیار بووە

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٤:٤٧
هەنگاو: ڕەوتی سێدارەی هاووڵاتیان و بەتایبەت بەندکراوانی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران بەردەوامە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پێنج بەندکراوی دیکەی کورد لە گرتووخانەی (دەریا)ی ئورمیە لەسیدارە دراون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتیی کورد لە زیندانی (دەریا)ی ئورمیە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە. . ناوی ئەو بەندکراوە لەسێدارە دراوانە بریتییە لە "عارف ئیسماعیلی، مەحکووم خدری، کەریم تەقی‌زادە (ئەندازیار)، فایق عابیدی و جەواد ئەسغەری". ئەو پێنج کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی ئورمیە و دەورووبەری ئورمیە بوون بە تۆمەتی "بەکاراهێنان و کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ئیرانەوە، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو. تەرمی ئەو پێنج بەندکراوە کوردە، ئەمڕۆ رادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر (14 ڕۆژ)دا لە گرتووخانەکانی ئورمیە، سەڵماس، ئیلام ، ڕەجایی شەهری کەرەج، مەشهەد، قەزوێن و قوروە ١٥بەندکراوی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئیرانەوە لەسێدارە دراون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە