لاویکی سەقزی ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

١ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٠٥
هەنگاو: چالاکێکی سەقزی کە نزیکەی ٥ مانگ بەر لەئێستا دەستبەسەر کرابوو، سزای ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەیوان عەلیزادە هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لە لایەن دادگای شۆرشێ ئەو شارەوە سزای ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر و بەتۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ڕیژیمی ئێران" بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، سەیوان عەلیزادە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە. ئەو هاووڵاتییە کوردە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر بەمەبەستی تێپەراندنی ماوەی ١٨ مانگ زیندانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان کراوە و  لەئێستادا لەوێ راگیراوە.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە