دەستەبسەر کردنی خوێندکارێکی بۆکانی و ئەشکەنجەی لاوێکی کورد لە سنە

١٢ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٧:٣٤
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان خوێندکارێکی کوردیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە. هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری بۆکان، ناوی ئەو خوێندکارە کوردەی هەژار مام عەزیزی  تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی حیسام راگەیاندووە، کە پاش گەڕانەوە لە شاری ئورمیە لەبەر دەم ماڵی خۆیاندا لە بۆکان دەستبەسەر کراوە. هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو لاوە کوردە روون نەبۆتەوە، بەڵام دەگوترێ بەهۆی سەردانێکی کورت و یاسایی ناوبراو بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە. هاوکات لە شاری سنە، لاویكی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ئیرەج حوسێنیانی و کوڕی موختار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ئەو لاوە کوردە لە ماوەی ٦ رۆژ مانەوەی لە ژووری تاکە کەسیی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا هەتا سەرە مەرگ ئەشکەنجە کراوە. لەڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "کوردپا" کەلەو بوارەوە بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە  ئیرەج لەو ماوەیەدا لەلایەن حاجی حەبیبی بەرپرسی بەشی ئیجرایی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە توندی ئەشکەنجە دراوەو ٢ ددان و لووتی شکاون و هەروەها ئەندامی نێرینەشی بە توندی ئازاری پێگەیشتووە. هەنووکە ئەو لاوە کوردە پاش رزگاربوونی لە ژووری تاکەکەسی، لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری و دەرمانی پزیشکی‌دایە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە