سەڵماس: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەندکراوێکی کورد لەسێدارە درا

١٧ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٤:٥٠
هەنگاو: بەندکراوێکی کورد کە ڕۆژی ڕابردوو دوایین دیداری لەگەڵ بنەمالەکەی ئەنجام دابوو، ئەمڕۆ لە سێدارە درا. بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی سەرماوەز، سزای سێدارەوی بەندکراوێکی کورد بەناوی "عەلی چەهریق" لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەڵماس بەڕێوە چوو. "هەنگاو" ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردبووە کە  بەرپرسانی بەندیخانەی سەڵماس بە هاووڵاتییەکی کوردی بەندکراو لەو بەندیخانەیان ڕاگەیاندووە کە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو بەکاتی ئێران حوکمەکەی کە سێدارەیە بەڕێوە دەچێت. عەلی چەهریق بە هۆی "تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوبوو. بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز بۆ دوایین جار لەگەڵ ڕۆڵەکەیان چاوپێکەوتنیان ئەنجام دابوو. عەلی چەهریق دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە بەندی گشتی بەندیخانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە. لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدایە کە کەیسی ئەو بەندکراوە بەمەبەستی پێداچوونەوە رەوانەی لقی ٣٨ی دیوان بە سەرۆکایەتی دادوەر لەتیف ڕوستەمی کراوەتەوە.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە