زەینەب سکانوەند لە گرتووخانەی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە

١٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢١:٣٦
هەنگاو: لە درێژەی مانگرتنی بەندکراوانی ژنی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران،زەینەب سکانوەند بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە،مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤی "هەنگاو" زەینەب سکانوەند، بەندکراوی کوردی مەحکووم بە سێدارە ڕۆژی شەممە١٨ی بەفرانبار مانگرتنی خۆی دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەیکە مافی دیداری حەوتووانەی لەگەڵ هاوسەرەکەی لي زەوت کراوە، مانی لە خواردنی گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بەهۆی ئەوەیکە زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەم بەندکراوە لە میدیا نێودەوڵەتییەکان و بنکەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بڵاو بوەتەوە مافی دیداری لەگەڵ هاوسەرەکەی لێ وەرگرتوەتەوە.
شایانی باسە کە دوای ئەوەیکە لە میدیا جیهانیەکان زانیاری لەسەر پەروەندەی زەینەب سکانوەند و ئاشکرا بوونی زانیاری و بەڵگەی دژ بەیەک لە پەروەندەکەی دا ئەگەری ئەوە هەیە کە لەگەڵ داخوازی پێداچوونەوە لەسەر سزاکەی ڕەزایەت بدرێ.
پێشتریش ،رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک له‌مه‌ڕ ئەگەری لەسێدارەدانی زەینەب سکانوەند، هاتووەتە دەنگ و داوای راگرتنی ئەو سزایەی کردبوو.
زەینەب سکانوەند کچی محەممەد و لەدایکبووی ١ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاووییە و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی بەخشی “شووت”ی سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیەیە.
ناوبراو لە رێکەوتی ١١ی رەشه‌مەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ راگیران لە کەڵانتەریی ئورمیە و لەژیر ئەشکەنجە و ئازار، دانی بەتاوانەکەدا ناوە.
بەپێی یاساکانی رێژیمی ئێران، تەمەنی سزای تاوانەکان بۆ کوڕان ١٥ ساڵ و بۆ کچانیش ٩ ساڵ دیاری کراوە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان وەکوو مافەکانی منداڵان، تەمەنی سزای تاوانەکان بۆ هەر دوو رەگەز ١٨ ساڵ دیاری کراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە