سێ سەدە زیندان بۆ چالاکانی کورد لەساڵی ٢٠١٦

٢٥ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٤٩
هەنگاو:  لەماوەی ساڵی رابردوودا دادگاکانی حکومتی ئێران نزیکەی ٣ سەدە زیندانیان بەسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی، کرێکاری و مەزهەبی کورددا سەپاندووە و ٧ چالاکی سیاسی و مەزهەبیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو"، لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ٨١ چالاکی کورد سەرجەم  ٢٨٤ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە و ٧ چالاکی سیاسی و مەزهەبیش سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لەکۆی ئەو حوکمانە ٢٧٢ ساڵی زیندانی تەعزیری و ١٢ ساڵی زیندانی هەڵپەسێردراو بووە.   جیاکردنەوەی دەرچوونی حوکمەکان بەپێی پارێزگاکان پارێزگای ئورمیە : لەو پارێزگایەدا و لەماوەی ساڵی رابردوودا، دادگاکانی حکومەتی ئێران سزای ٢٢٦ ساڵ زیندانیان بەسەر ٥٢ هاووڵاتی سەپاندووە و ٧ چالاکی مەزهەبی و سیاسیش سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە. پارێزگای سنە: لەپارێزگای سنە ٢٦ هاووڵاتی سەرجەم بە ٣٢ ساڵ زیندان و ١٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو حوکم دراون. پارێزگای کرماشان: دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن دادگاکانی حکومەتەوە سەرجەم بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.   دەرچوونی سزای ١٦٢ مانگ زیندان بۆ ژنان دادگاکانی حکومەتی ئێران لەماوەی ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ ٦ چالاکی ژن سزای ١٦٢ مانگ زیندانیان کە دەکاتە ١٣ ساڵ و ٦ مانگ دەرکردووە، کە  دوو ساڵی زیندانی هەڵپسێردراو بووە.   چالاکانی کرێکاری و مەزهەبی لەساڵی ڕابردوودا چالاکانی کرێکاری و مەزهەبی کورد لەسەر یەک سزای ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە کە ٦ مانگ بۆ چالاکێکی مەزهەبی و ٤ ساڵ و نیویش بۆ ٦ چالاکی کرێکاری بووە. هاووڵاتییەکی خەلکی ڕۆژئاوای کوردستانیش سزای ٧ سال زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.   دەرچوونی سزای سێدارە لەساڵی ٢٠١٦دا دادگاکانی رێژیم سزای سێدارەیان بەسەر چالاکێکی سیاسی خەڵکی میاندواو و ٦ چالاکی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد سەپاندووە.   دەرچوونی حوکمەکان بەپێی جۆری تاوان بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری "هەنگاو" ، ٧٥% ی ئەو حوکمانەی کە دەرچوون بەسەر چالاکانی سیاسیدا سەپێندراوە کە ٦١ حاڵەت بووە، ١٦% بەسەر چالاکانی مەدەنی کە ١٣ حاڵەت، ٨% بەسەرچالاکانی کریکاری کە ٦ حالەت و ١% بەسەر چالاکانی مەزهەبی بووە کە ١ حاڵەت لەخۆ دەگرێت. هێڵکاری  d1 کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی هێنانی ناوی سەرچاوە ( هەنگاو) رێگەپێدراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە