لێدانی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زیندان، سزای زیندانییەکی سیاسیی کورد

٢٦ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٢:٠٤
هەنگاو: لە ئەنجامی پەروەندەسازیی نوێ بۆ زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "حەسەن ڕەستگاری مەجد"، سزای لێدانی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، حەسەن ڕەستگاری مەجد زیندانیی سیاسیی کورد کە لەسەر بەڵێنیی "قازی"ی چاودێری زیندان، کۆتاییی بە مانگرتنی ٣٢ ڕۆژەی خۆی هێنابوو، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار، سزای لێدانی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٣ سەرماوەزەوە هەتا ١٥ بەفرانباری ئەمساڵ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر پەروەندەسازیی نوێ، مانی لە خواردن گرتبوو. حەسەن ڕەستگاری مەجد، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری ئورمیە لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی پاڵپشتی لە بەرخۆدانی کۆبانێ" لە شاری ئورمیە لەگەڵ لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی دیکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن "دادگای ئینقلابی شاری ئومیە"وە بە تۆمەتگەلێک وەکوو "ئاژاوەگێڕی"، "چوونەدەرەوەی نایاسایی لە سنوورەکان" و "هاوکاری لەگەڵ پژاک"، بە گشتی حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمەش دواتر لەلایەن "دادگای پێداچوونەوە"ی پارێزگای ئورمیەوە پژڕاست کرایەوە. ناوبراو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر پەروەندەسازیی نوێ و داواکاریی سەرلە نوێ پێداچوونەوە بە حوکمەکەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە