شەهلا محەممەدیانی ١٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

٢٧ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٠:٠٠
هەنگاو: شەهلا محەممەدیانی بەندکراوی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی تەورێز دەیەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی لە خواردن تێپەڕاند. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، شەهلا محەممەدیان لەڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانبارەوە مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاندووە و ئەمڕۆ دەیەمین ڕۆژی بەسەردا تێدەپەڕێت. ئەو خوێندکارە تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەر کردنی براکەی بەناوی "هێمن" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە مانی لە خواردن گرتووە. هێمن محەممەدیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. شەهلا محەممەدیانی یەکەم ڕۆژی مانگی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی دەستبەسەر و ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی و پڕوپاگەندە دژی نیزام” لەلایەن لقی یەکەمی “دادگای ئینقلابی مەهاباد”ەوە حوکمی چوار ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی تەورێزی بەسەردا سەپا. ناوبراو پاش دەستبەسەرکران بۆ ماوەی ٦٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بووە. شەهلا محەممەدیانی پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ لە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی مەهاباد و پەسندکرانی لەلایەن “دادگای پێداچوونەوە”وە، لەمەڕ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی تەورێز دوور خرایەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە