چارەنووسی ئەندازیار سابیر نادری هەروا ناڕوونە

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٠:٥٠
هەنگاو:  چارەنووسی ئەندازیار سابیر نادری کە زیاتر لە مانگێکە دەستبەسەر کراوە هێشتا ناڕوونە . بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەندازیار سابیر نادری هاووڵاتیی خەڵکی قوروە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە، ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو لاوە کوردە لە بەر دەستدا نییە. پێشتر ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی راگەیاندبوو کە تاوەکوو ماوەی دەستبەسەرکرانی سابیر لە ٤٠ ڕۆژ کەمتر بێت، لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەتان ئاگادارتان ناکەینەوە. بەڵام، ئێستا دوای ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەندازیار سابیر نادری، ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە لە دانی هەر چەشنە زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی خۆدەبوێرێ و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای بنەماڵەی ناوبراو دروست کردووە. ئەندازیار سابیر نادری ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری قوروەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە “هەنگاو”ی راگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی قوروە دەفتەرچە و کارتی بانکیی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی سابیر نادرییان زەوت کردووە و ئەو بنەماڵەیە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەمەبەستی دابین کردنی پێداویستی رۆژانە و بژێوی ژیانیان ناچار بوون کە لە دۆستان و ئاشنایانی خۆیان پارە قەرز بکەن. سابیر نادری ئەندازیاری کۆمپیۆتەر و بەرپرسی کۆمپانیای ” شهیر نرم افزار پویا” لە ساری قوروەیە.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە