بانە .. هێزە ئینتزامییەکان گیانی لاوێکیان ئەستاند

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٣:٢٨
هەنگاو: تەقەی سەرەڕۆیانەی هێزە ئینتزامییەکانی حوکمەتی ئێران لەشاری بانە، گیان لەدەستدانی لاویکی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، کاتژمێر ٩ی شەوی سێشەممە ٢٨ی بەفرانبار، هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئێران لە جاددەی بانە بۆ سەردەشت تەقەیان لە  ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( سێ ئێف) کرد کە گیان لە دەستدانی شۆڤێری ئۆتۆمبێلەکەی لێکەوتەوە. هەواڵنێری "هەنگاو" ناسنامەی ئەو لاوە کوردەی "عەبدولموتەلیب مورادی" تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عەزیز و دانیشتووی گوندی "بڵەسەن"ی بانە راگەیاند. یەکێک لە نزیکانی عەبدولموتەلیب لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە " ناوبراو بە مەبەستی یارمەتیدانی هاوڕێیەکی کە ئۆتۆمبێلەکەی کێشەی هەبووە چووەتە ئەو شوێنە و لە سەر پردی میراوێ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە هێزە ئینتزامییەکان وتوویە کە ئێمە بە گومانی ئەوەی کاڵای قاچاخی پێیە تەقەمان لێکردووە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لەماوەی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیدا ٨ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە