لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی سەعید شێرزادە

٢ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٢٣:٥٦
هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەنراوێکدا خوازیاریی ئازادکردنی بێ ئەملا و ئەولای سەعید شێرزاد زیندانیی سیاسیی کورد بووە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕێکەوتی ٣١ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، نیگەرانیی توندی خۆی لەهەمبەر دۆخی نالەباریی تەندروستیی سەعید شێرزاد دەربڕیوە و داوای کردووە بە بێ هیچ مەرجێک ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندان ئازاد بکرێت. لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، سەعید شێرزاد لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار کۆتایی بە مانگرتنی ٣٩ ڕۆژەی خۆی هێنا و ئێستا پێویستیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی پسپۆڕ هەیە. ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ بە دوورینەوەی لێوەکانی خۆی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بێ‌بەش بوون لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، لێدان و ئەشکەنجە، بێ‌حورمەتیی بەرپرسانی زیندان بە زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان و دۆخی نالەباری زیندان، مانی لە خواردن گرتبوو. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سەعید شێرزاد کەلە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوییەوە مانگی لە خواردن گرتووە، تەندروستیی بەهۆی ئەو مانگرتنەوە تێک چووە و زەختی خوێنی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە و سەڕای دابەزینی ١٠ کیلۆ لە کێشی لەشی، تووشی لاوازیی ماسووڵکەکانی بووە و لەلایەن گورجیلە، سینگ و سکییەوە تووشی نەخۆشیی مەترسیدار بووە. ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانبار ژمارەیەک زیندانیی سیاسی لە نامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی بەرپرسانی زیندان و دەزگای "قەزایی"ی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ پێڕانەگەیشتن بە دۆخی نالەبار و نامرۆڤانەی زیندان، پشتیوانیی خۆیان لە سەعید شێرزاد دەربڕیوە. ئەو چالاکە سیاسییانە لەو نامەیەدا ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر "کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ چارەسەریی زیندانییە نەخۆشەکان، خۆبواردن لە ڕاگواستنی زیندانییانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان، نەبوونی ئاوی گەرم بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە زیندان، کەمیی فەزای زیندان، لاوازبوون و ناکارامەیی هەواکەشەکانی زیندان، هێرش و خڕبوونەوەی مێش و مێشوولە لە نزیک ئاشپەزخانەی زیندان، پاقژ نەبوونی کەلوپەل و وپێداویستییەکان و کەمی و خراپیی خواردنەکان" دەربڕیبوو. لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە بەبی هیچ مەرجێک سەعید شێرزاد ئازاد بکرێ و هەروەها داوای لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کردووە کەلە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دڵنیا ببنەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە